
بۆ ئەوەی بزانیت چۆن چاودێری پێستت دەکەیت و چ بەرهەمێک دەکڕیت، یەکەم و گرنگترین هەنگاو ئەوەیە کە جۆری پێستی خۆت بزانیت. بەکارهێنانی بەرهەمی هەڵە نەک تەنیا سوودی نابێت، بەڵکو دەبێتە هۆی دروستبوونی زیپکە، پەڵە یان وشکبوونی زیاتر.
بەگشتی پێست دابەش دەبێت بەسەر ۵ جۆری سەرەکیدا. لەم بابەتەدا فێری تایبەتمەندی هەر یەکێکیان دەبین:
١. پێستی ئاسایی (Normal Skin)
ئەم جۆرە پێستە لە هاوسەنگییەکی تەواودایە؛ نە زۆر چەورە و نە زۆر وشک.
- نیشانەکانی: کونییلەکانی پێست زۆر بچوکن، پێستەکە نەرم و ڕووناکە، کەمتر تووشی زیپکە و حەساسییەت دەبێت و خاوەنی خوێنبردنێکی باشە.

٢. پێستی وشک (Dry Skin)
پێستی وشک بەدەست کەمیی شێداری و چەوریی سروشتییەوە دەناڵێنێت.
- نیشانەکانی: هەست بە توندی و ڕاکێشانی پێست دەکەیت (بەتایبەت دوای شوشتن). پێستەکە کەمێک زبرە، زوو سوور دەبێتەوە، لەوانەیە قڵیشان یان توێژاڵی پێوە دیار بێت و هێڵە وردەکانی پیری زووتر لێی دەردەکەون.

٣. پێستی چەور (Oily Skin)
ئەم جۆرە پێستە بەهۆی دەردانی زۆری چەوریی سروشتی (Sebum) هەمیشە دەبریسکێتەوە.
- نیشانەکانی: کونییلەکانی پێست گەورە و دیارن، دەموچاو (بەتایبەت لووت و ناوچەوان) دەبریسکێتەوە، پێستەکە مستعدی دروستبوونی زیپکەی سەرڕەش و سەر سپییە.

٤. پێستی تێکەڵاو (Combination Skin)
باوترین جۆری پێستە؛ تێکەڵەیەکە لە پێستی چەور و وشک.
- نیشانەکانی: ناوچەی T-Zone (واتە ناوچەوان، لووت و چەناگە) چەورە و دەبریسکێتەوە، بەڵام سەر ڕوومەتەکان و دەوروبەری چاو وشکن یان ئاسایین.

٥. پێستی حەساس یان هەستیار (Sensitive Skin)
ئەم پێستە زۆر بە خێرایی کاردانەوەی دەبێت بەرامبەر بە هۆکارە دەرەکییەکان و بەرهەمە جوانکارییەکان.
- نیشانەکانی: زوو سوور دەبێتەوە، تووشی خوران و کزانەوە دەبێت، لەبەر خۆر یان لە کاتی گۆڕانی کەشوهەوادا زۆر زوو تێکدەچێت.

💡 تاقیکردنەوەیەکی سادە لە ماڵەوە بۆ ناسینی جۆری پێست:
ئەگەر هێشتا دڵنیا نیت پێستت کام جۆرەیانە، ئەم تاقیکردنەوەیە بکە:
- دەموچاوت بە غەسولێکی سادە بشۆ.
- بە خاولییەکی نەرم بە هێواشی وشکی بکەرەوە (هیچ کرێم و مەرهەمێک لێ مەدە).
- ١ کاتژمێر چاوەڕێ بکە.
- ئێستا سەیری ئاوێنە بکە:
- ئەگەر هەموو دەموچاوت توند ببوو 👈 پێستت وشکە.
- ئەگەر هەموو دەموچاوت دەبریسکایەوە 👈 پێستت چەورە.
- ئەگەر تەنیا لووت و ناوچەوانت چەور بوو بەڵام ڕوومەتت وشک بوو 👈 پێستت تێکەڵاوە.
- ئەگەر پێستت نەرم و ئاسایی بوو بێ کێشە 👈 پێستت ئاساییە.

